ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە پەتایەکی قورس لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە و نیشانەکانی قورسن و بە گشتی منداڵان لە سەرجەم تەمەنەکاندا دەگرێتەوە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانیش باس لە نیشانە و چارەسەرەکانی دەکات.
بەختیار قادر پزیشکی پسپۆڕی منداڵان لە نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری لە سلێمانی ڕایگەیاند ، لە ئێستادا بەهۆی وەرز گۆڕینەوە کەش دەگۆڕێت و چەندین جۆری ڤایرۆس و بەکتریا چالاک دەبن و دەبنە هۆی ژەهراویبوونی چەندین خۆراک، هەر بۆیە پەتا لەم وەرزانەدا بڵاو دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئەم پەتایە جیادەکاتەوە ئەوەیە نیشانەکانی قورسترن، کە رۆژانە نزیکەی 750 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکات، نزیکەی 500یان توشی ئەم پەتایە بوون.
وتیشی، نیشانەکانی پەتاکە قورسن و لە منداڵێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە منداڵ نیشانەکانی هەڵامەت و کۆکەی قورسی هەیە و دواتر لێیدەکات بە سکچوون و رشانەوە، پەتاکە هەردوو کۆئەندامی هەرس و هەناسە دەگرێتەوە.