دروستبوونی بەرگریی خانەکان دژی ئینسۆلین، بە یەکێک لەو گرفتە گەورە باوانە دادەنرێت کە دەبێتەهۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی، شێوازی ژیان رۆڵی سەرەکیی هەیە لە دروستبوونی ئەم گرفتەدا و لەم بڵاوکراوەیەدا، د. پۆیلە حەبیب زەنگەنە، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، بە روونی باسی لە کاریگەرییەکانی دروستبوونی ئەم بەرگرییە کردووە لە خانەکاندا.
زیادبوونی بەرگریی خانەکان بۆ ئینسۆلین حاڵەتێکە کە جەستە کەمتر هەستیار دەبێت بەرامبەر بەو هۆرمۆنەی کە بەرپرسە لە رێکخستنی ئاستی شەکری خوێن (ئینسۆلین)، ئەمەش دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاددەکات، هەروەها بەپێی توێژینەوە زانستییەکان دەبێتە هۆکاری زیادبوونی کێش ،گرفتی هۆرمۆنەکان، دروستبوونی فرەکیسیی هێلکەدان و دواکەوتنی دووگیانی.
نیشانەکانی زیادبوونی بەرگەریی خانەکان بۆ ئینسۆلین چین؟
- زیادبوونی چەوریی کەڵەکەبوو بەتایبەت لە چواردەوری کەمەر و سک [سەروو 88 سم]
- گۆڕانی رەنگی پێست بە تایبەتی رەشبوونەوەی مل
- دەرکەوتنی گۆشتی زیادەی پێست لەسەر مل یان قۆڵ
- لاوازی و بێهێزیی بەردەوام لە رۆژدا و ئارەزووی خوارنی شیرینی
- بەرزەفشاری خوێن
- بەرزبوونەوەی ئاستی چەوریی سیانی و کەمبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی باش
- هەستکردن بە ماندوویی
- هەستکردن بە سەرمای دەست و قاچ
چارەسەری زیادبوونی بەرگریی خانەکان بۆ ئینسۆلین پەیوەستە بە شێوازی ژیانەوە
- خۆراکی تەندروست بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و پرۆتین، هەروەها کەمکردنەوەی شەکر و نیشاستە و چەوریی تێر.
- وەرزشکردنی بەردەوام، تەنانەت راهێنانە سادەکانی وەکو رۆیشتن بە خێرایی و یۆگا بەسوودن
- کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ
- وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی