بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی کە نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش ئەنجام دەدەن بە سەرجەم جۆرەکانییەوە، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانەوە هەیە. وتیشی، ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک دەخەنەوە و پسپۆڕی پزیشکەکان دیاری دەکەن.
سەباح هەورامی بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی بەشێکی هۆکاری گیانلەدەستدان لەو کەسانەی نەشتەرگەریی دەکەن بۆ بڕینی گەدەیان یان دەرهێنانی چەوریی و راکێشانی پێست، پەیوەندی بە نەخۆشخانەکان و نەگونجاوی شوێنەکەوە هەیە بۆ ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە پسپۆڕی دیاری کراوی نییە، تێکەڵاوییەک لەنێوان پسپۆڕییەکان و دەستنیشانکردنی کاری پزیشکەکاندا روویداوە و هەر پزیشکێکی نزیک لەو پسپۆڕییە بە مافی خۆی دەزانێت ئەنجامی بدات.
وتیشی، لە ئێستادا بەشێکی زۆری پسپۆڕییەکان ئەو نەشتەرگەرییە بۆ نەخۆشەکان ئەنجام دەدەن، کە هەندێک جار رێگای نازانستی و شێوەی نەگونجاو بەکاردەهێنن، کە بەهۆیەوە گیانلەدەستدان یان چەندین زیانی لاوەکی لێدەکەوێتەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە دەیان سکاڵا هەیە لەسەر ئەو بابەتانە، چەندین کەسیش بە سزا گەیەنراون، یان رەوانەی دادگا کراون، هەشە بێتاوانی سەلمێنراوە و ئازاد کراوە.
سەباح هەورامی وتیشی، بڕیاریان داوە ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە رێک بخەنەوە و پێویستە لە چەند شوێنێکی تایبەتی نەخۆشخانەکاندا ئەنجام بدرێت و پسپۆڕی ئەو پزیشکانەشی رێگەیان پێدەدرێت ئەنجامی بدەن، دیاری بکرێت، جگە لەوەی دەبێت نەخۆش بەر لە بڕیاردان بۆ نەشتەرگەریی، لیژنەی تایبەت بیبینێت.