بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە نزیکەی هەشت ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانلەدەستدەدەن. هاوکات %90ـی ئەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەبن جگەرەکێشن.
لەگەڵ ئەوەی جگەرەکێشان بە هۆکارێکی سەرەکیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان دادەنرێت، بەڵام چەند هۆکارێکی دیکەش هەن کە مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە کوشندەیە زیاددەکەن.
لە بڵاوکراوەیەکدا، د. ئارام بارام، پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن، چەند هۆکارێکی شێرپەنجەی سییەکانی خستەڕوو.
پسپۆڕەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسانەی لە کارگەکانی بیناسازیدا کاردەکەن و بەرکەوتنیان لەگەڵ کەرەستەکانی بیناسازیی هەیە وەکو ئەسبێستۆس، مەترسیی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە. هاوکات هەریەکێک لە دووکەڵی مۆلیدەکان و ئۆتۆمبێلیش هۆکارێکی دیکەیە.
ئەو کەسانەشی لە خێزانەکانیاندا ئەم نەخۆشییە هەیە، مەترسیی تووشبوونی ئەندامەکانی دیکەی هەمان خێزان بەم نەخۆشییە زیاترە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەندێجار ئەو کەسانەی تووشدەبن، هۆکاری تووشبوونیان نازانرێت.