سەرەتا ئەم بەشە بۆ منداڵانی ئۆتیزم کرایەوە، پاشان بۆئەوەی هەموو ئەو کەسانەی ناتوانن لەژێر بێهۆشکاریی ناوچەیی چارەسەر وەربگرن، لە ژێر بێهۆشکاریی گشتیدا وەریبگرن، کرایەوە.
ئەمڕۆ 19ـی حوزەیرانی 2025، لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، لێپرسراوانی کەرتی تەندروستی و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، بەشی تایبەت بە چارەسەرکردنی ددان لەژێر بێهۆشکاریی گشتی کرایەوە.
ئەم بەشە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە گرنگە کە کۆنیشانەی داون، ئیفلیجیی مێشک و گرفتەکانی گەشەیان هەیە.
ئەم بەشە بەشێکی نوێیە لە نەشتەرگەریی دەم و ددان لە شاری سلێمانی، و بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، ئەم بیرۆکەیە لەوەوە سەریهەڵدا کە لە نەخۆشخانە حکومییەکان هیچ بەشێکی تایبەت بەم جۆرە چارەسەرە نەبوو، هەربۆیە ئەم بەشە دروستکرا و زۆرینەی پێداویستی و کەلوپەلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە دابینکران و بەشێک لە ئامێرەکانیش لەلایەن خێرخوازانەوە کڕان.
تیمێکی پسپۆڕی ددان کە پێکهاتووە لە پزیشکانی ددان و کارمەندانی تەندروستیی ددان، ئەم بەشە بەڕێوەدەبەن و پێشتر پشکنینی پێویست بۆ چارەخوازان دەکەن و بە تێچوویەکی کەم ئەو چارەسەرانەی پێویستیانە بۆیان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمان جۆری چارەسەر لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا تێچوویەکی ئێجگار زۆریان هەیە.