یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان دەست بە هەڵمەتێكی دابەشكردنی 100 هەزار نامیلكەی تایبەت بە هۆشیاریی دووركەوتنەوە و مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان دەستپێدەكات.
لە كۆنگرەی یەكگرتن سەرۆك بارزانی ڕێنوێنیی قوتابی و لاوانی كرد كە كار لەسەر ڕووبەڕوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بكەن و بە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر كۆمەڵگە وەسفی كرد، لەسەر ئەو بنەمایە یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتێكی فراوان دەستپێدەكات.
هەڵمەتەكە لەژێر ناونیشانی "ماددەی هۆشبەر ئافاتی سەدە" لە 26-6-2025 دەستپێدەكات و لەمیانەدا لەماوەی چەند ڕۆژێكدا 100 هەزار نامیلكەی هۆشیاریی دووركەوتنە لە ماددە هۆشبەرەكان و زیان و مەترسییەكانی ماددەكان دابەش دەكرێت.
چوار لیژنە كە پێكهاتوون لە 500 كادیری ڕێكخراوەكە لە سەرتاسەری كوردستان هەڵمەتەكە بەڕێوە دەبەن، جگە لە دابەشكردنی نامیلكەكان، لە شوێنە گشتییەكان گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتیان دەكەن و مەترسیی ماددە هۆشبەرەكانیان بۆ شی دەكەنەوە.