توێژینەوەیەک دەریدەخات، ڕووناکی شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەرییان لە تیشکی خۆر زیاترە لەسەر پێست، پزیشکێکی پسپۆڕی پێست دەڵێت، پێویستە لەکاتی بەکارهێنانی ئامێرەکان دژەخۆر بەکار بهێنرێت.

هەرچەندە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل، تابلێت و کۆمپیوتەر لە کاروبارەکانی ڕۆژانەدا کارئاسانی دەکەن، بەڵام زیان بە تەندروستی دەگەیێنن و کاریگەریی خراپیان لەسەر پێست هەیە.

 دکتۆر سیدهانت ماهاجان، پزیشکی پسپۆڕی پێست ڕایدەگەیێنێت، ئەو ڕووناکییەی لە شاشەکانەوە دەردەچێت کە بە ڕووناکیی شین ناسراوە، دەتوانێت بەهەمان شێوەی تیشکی بەهێزی خۆر زیان بە پێست بگەیەنێت.

 ئەو پسپۆڕەی پێست ڕوونیشی دەکاتەوە، کە تیشکی شین قووڵتر دەچێتە ناو پێستەوە بەراورد بە تیشکی سەروو وەنەوەشەیی کە لە خۆرەوە دەردەچێت، بە جۆرێک تیشکی شین زیان بە چینەکانی ناوەوەی پێست دەگەیەنێت بە تێکدانی "کۆلاجین و ئیلاستین" ئەو پرۆتینانەی پێست بە گەنجی و تەندروست دەهێڵنەوە.

 بەپێی توێژینەوەکان ڕۆژانە بەسەربردنی کات بۆ ماوەی شەش بۆ 10 کاتژمێر بەدیار شاشەکانەوە کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر پێست هەیە، دکتۆر مەهاجانیش بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییانە داوا لە خەڵک دەکات لەکاتی بەکارهێنانی شاشەدا ئەو کرێمانە بەکاربێنن کە ئۆکسیدی ئاسن و ڤیتامین سییان تێدایە بە تایبەت کرێمی دژەخۆر.