دەستەی کەشناسی عێراق دەڵێت، لە ئەمڕۆوە تا شەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەبەرزی دەمێننەوە، ئەمڕۆش لە بەغدا و نۆ پارێزگای دیکەی وڵات پلەکانی گەرما لە نیوەی پلەی کوڵان نزیک دەبنەوە.

 یەکشەممەی ڕابردوو (27ی تەممووز) بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عێراق گەیشتە لووتکە و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیش، لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور ئەو ڕۆژەیان کردە پشوو، پارێزگاکانی دیکەش کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمانبەرانیان کەمکردەوە.

 دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەر بە بەرزی دەمێننەوە، هاوکات ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە، هەینی و شەممەی داهاتووش گۆڕانکارییەکی سنووردار لە پلەکانی گەرما ڕوودەدات، لە بەرامبەریشدا سەرەتای هەفتەی داهاتوو خێرایی با بۆ 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرزدەبێتەوە.

  هاوکات لەگەڵ بەبەرزی مانەوەی پلەکانی گەرما، لە پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراقیش شەپۆلێکی خۆڵبارین هەیە و بەردەوامیش دەبێت، ئەوەش کاریگەری خراپی هەیە بەهۆی ئەوەی تائێستا حکومەتی فیدڕاڵ هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو و ژینگەی نەداوە.