بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانیی (چونگنام) لە کۆریای باشوور، کە لە گۆڤاری (Nature Communications) بڵاو کراوەتەوە دەردەکەوێت، ڤیتامین دی چارەسەرێکی کاریگەرە بۆ نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر.
نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر "Chronic Liver Disease" حاڵەتێکی تەندروستیی درێژخایەنە، کە بەهۆی تێکچوونی بەردەوامی شانەکانی جگەرەوە دروست دەبێت، زۆرجار لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەشێوەیەک گەشە دەکات نیشانەکانی دیار نابێت و بە تێپەڕبوونی کاتیش زیانەکانی دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و ڕیشاڵی، کە ڕەنگە ببنە هۆکاری سستبوون یان شێرپەنجەی جگەر.
هۆکارە باوەکانی نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر بریتین لە هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەری جۆری بی و سی، خواردنەوەی کحوول و نەخۆشیی چەوری جگەر، کە لە ئەنجامی تێکچوونی گۆڕانکاریی خۆراکەوە دروست دەبێت.
هەرچەندە ڤیتامین دی بەشێوەیەکی گشتی بۆ باشترکردنی تەندروستیی ئێسک بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەم توێژینەوەیە ڕۆڵێکی نوێی ئاشکرا دەکات، کە وەک تەواوکەرێکی کەمتێچوو دەتوانێت لە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی جگەردا سوودبەخش بێت.
نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر گرفتێکی تەندروستیی جیهانییە، مەزەندە دەکرێت لە سەرتاسەری جیهاندا یەک ملیار و 500 ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکە بووبن. تا ئێستا تاکە چارەسەری بەردەست: چاندنی جگەرە لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا.