بەپێی توێژینەوە پزیشکییەکان خواردنەوە وزەبەخشەکان چەندین زیانیان بۆ جەستە هەیە و هۆکاریشن بۆ تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار.

 ڕۆژانە خەڵکانێکی زۆر بە تایبەتیش توێژی گەنجان بڕێکی زۆر لە خواردنەوە وزەبەخشەکان بەکاردەهێنن و پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵیش چەندین زیانی ئەو خواردنەوانە دەخاتە ڕوو.

 د. زرار حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ باس لە کاریگەرییەکانی خواردنەوە وزەبەخشەکان دەکات و دەڵێت: خواردنەوە وزەبەخشەکان خێرایی لێدانی دڵ زیاد دەکەن، فشاری خوێن بەرز دەکەنەوە و دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ، هاوکات هۆکارن بۆ سەرئێشە و تێکچوونی خەو لە زۆر کەسدا، لەگەڵ ئەمانەشدا هۆکارن بۆ ئازاری گەدە و نەخۆشییەکانی قۆڵۆن و تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و زۆر نەخۆشیی دیکە.

 ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ هۆشداریی لە خواردنەوەی خواردنەوە وزەبەخشەکان دەدات بە تایبەت لای منداڵان و ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 13 ساڵانە و بە مەترسیی گەورە ناوی دەبات.