دڵەکزێ حاڵەتێکی باوە و ئەو کەسەی تووشی دەبێت هەست بە سووتانەوەی سوورێنچك و سنگی دەکات.
بە گشتی ئەم حاڵەتە لە پاش خواردن، چەمانەوە یان پاڵکەوتن دروستدەبێت.
ئەو گرفتە سەرەکییەی دەبێتەهۆی دڵەکزێ بریتییەلە گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ سورێنچک، ئەمەش بەهۆی کارنەکردنی رێکوپێکی دەرچەی نێوان گەدە و سوورێنچکەوەیە، واتە هەندێجار لەوانەیە لە کاتێکی نەگونجاودا بکرێتەوە و وابکات ترشەڵۆکەکە بگەڕێتەوە بۆ سوورێنچک.
لەگەڵ ئەوەی ئەگەر کەسێک جار جار تووشی ئەم حاڵەتە بوو ئاساییە، بەڵام ئەگەر بە بەردەوامی کەسەکە بەدەستییەوە ناڵاندی، ئەوا گرفتەکە گەورەترە و دەبێت بە نەخۆشیی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە.
ئەگەر کەسێک لە هەفتەیەکدا زیاتر لە دووجار تووشی ئەم حاڵەتە بوو، لەگەڵیشیدا بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی پێویستیان بە رەچەتە نییە هەر باش نەبوو، ئەوا دەکرێت نیشانەیەکی نەخۆشیی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بێت و پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات.
هۆکارەکانی دڵەکزێ دەکرێت ئەمانە بن:
- خۆراک: ترشی، توونی، چۆکلێت، کافاین، کحول و خۆراکی چەور
- شێوازی ژیان: قەڵەوی، جگەرەکێشان و گوشاری دەروونی
- تەندروستی: دووگیانی، فتقی نێوان سورێنچک و گەددە و چەند جۆرێکی دیاریکراوی دەرمان.
د. دارا ئەحمەد محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی هەرس و جگەر، چەند رێنماییەکی بۆ ئەو کەسانە خستووەتەڕوو کە بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێنن و دەڵێت پێویستە:
- دووربکەونەوە لە جگەرەکێشان
- کێشیان داببەزێنن
- دووربکەونەوە لە خواردنەوە کحولییەکان
- پێویستە سەرینی بەرز بەکاربهێنرێت
- دوورکەوتنەوە لەو خواردنەوانەی بە کافاین دەوڵەمەندن وەکو چا و قاوە
- بەکارهێنانی دەرمان لە ژێر رێنمایی پزیشکدا