لە لێدوانێکیدا ، د. تارا عەلی بابان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، باسی لەو گرفتە تەندروستییانە کرد کە بەهۆی خۆراکە خێراکان و چپس و خواردنەوە گازییەکانەوە لە منداڵاندا دەردەکەون.

پزیشکەکە باسی لە گرنگیی خۆراکی تەندروست کرد و گوتی "گرنگە ئەو خۆراکانەی دەدرێن بە منداڵان تەندروست بن، واتە دەوڵەمەندبن بە ڤیتامین و کانزاکان، بەڵام ئەو خۆراکانەی منداڵ حەزیان لێیەتی، وەکو چپس، خواردنەوە گازییەکان و شیرینییەکان، ئەم بەها خۆراکییە گرنگانەیان تێدا نییە، بەڵکو بڕێکی زۆر لە چەوری و شەکریان تێدایە".

پزیشکەکە باسی لەوەش کرد کە پزیشکانی منداڵان لەگەڵ ئەوەدا نین بە هیچ جۆرێک ئەم خۆراکانە نەخورێن، بەڵام پێویستە سنوورداربکرێن.

ئەگەر منداڵێک ئەم خۆراکە زیانبەخشانە زۆر بخوات و سنووری بۆ دانەنرێت، ئەوا هەموو وزەکەی لەو خۆراکانەوە دەستدەکەوێت و لە ماڵەوە خۆراکە تەندروستەکان ناخوات، ئەمەش دەکرێت ببێتەهۆی دوو گرفتی گەورەی وەکو بەدخۆراکی، کە تێیدا منداڵەکە کێشی زۆر دادەبەزێت، گرفتەکەی دیکەش بریتییەلە قەڵەوی و پاشان گرفتی دیکە بەدوای خۆیاندا دەهێنن، بۆ نموونە ئەو منداڵانەی بەدخۆراکن، ئەگەری زۆرە گەشەیان ئاسایی نەبێت و باڵایان کورت دەربچێت.

پزیشکەکە ئەوەشی خستەڕوو کە ئاساییە ئەگەر منداڵ لە ماڵەوە نانی خوارد، لە دەرەوەش بڕێکی کەم لەم خۆراکانە بخوات و گرفتێکی ئەوتۆی تەندروستیی دروستناکات.