جەعفەر پەناهی، گەورە دەرهێنەری ئێرانی، کە ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ناوبانگێکی زۆری پەیداکردووە و بووە بە ترێندی ناوەندە سینەماییەکان، سەرنجەکانی خۆی سەبارەت بە رەوش و دۆخی نوێی ئێران دەربڕی.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، جەعفەر پەناهی گەورە دەرهێنەری ئێرانی، ئاماژە بەوە دەدات؛ هەردوو بەرەی ئێران و ئیسرائیل بەرپرسیارن لە ناسەقامگیریی و ئاڵۆزیی دۆخەکە.
نووسیویەتی، "هێرش کردنە سەر ئێران پەسەندکراو نییە"، داوا دەکات لە ئاستی نێودەوڵەتییدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەی سەرکۆنە بکرێت و رێگریی لێ بکرێت، لە هەمان کاتدا، رەخنەکانی لە ئیسرائیل نەکردووە بە بەهانەیەک بۆ بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەنووسێت، "ماوەی 40 ساڵە، ئێران بەدەست بەڕێوەبەردنی خراپ، گەندەڵی و سەرکوتکردنەوە دەناڵێنێت"، ناسەقامگیرییەکان دەخاتە ئەستۆی کۆمارەکە لە نەبوونی هێز و ویستی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا جەعفەر پەناهی، پێی وایە تاکە چارەسەری ئەم قەیرانە، کۆتاییهێنانە بە کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتی ئێران.
جەعفەر پەناهی، هاوتای ژمارەیەک لە دەرهێنەرە دیارەکانی دیکەی ئێران، لە پرسە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام رۆڵی کاریگەری گێڕاوە، ناوەڕۆکی فیلمەکانی هۆکارن بۆ داواکردنی لەلایەن دادگای ئێرانەوە و ئێستا پەناهەندەی ئەوروپایە.