قادر عەبدوڵا زادە، ناسراو بە قالە مەڕە، زستانی ساڵی 1925، لە گوندی کولیجەی بۆکان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، یەکێکە لە دیارترین ژەنیارە کوردەکانی بواری ژەنینی شمشاڵ، زۆرینە بە ئەفسانەی ئەم ئامێرە ناوی دەبەن و نەوا و سەدای موزیکەکەی هەستی نیشتمانپەروەریی و خۆشویستنی سروشتی کوردستان لە دڵی هەموواندا دەبزوێنێت.
قالە مەڕە، قۆناغی سەرەتای ژیانی بە هەتیویی و بەبێ دایک و باوک بەسەربردووە، کە لەدایکبووە باوکی نەدیوە، لە تەمەنی شەش ساڵییشدا دایکی کۆچی دوایی کردووە، هێمن و لەسەرخۆ بووە، هەر ئەمەش هۆکار بووە لە منداڵییەوە نازناوی قالە مەڕەی لەلایەن شێخ محەمەد، شێخی خانەقای بورهان لێ بنرێت، قالە مەڕە شوان بووە و شوانێتیی بۆ مەڕەکانی کردووە.

بەرکەوتنی قالە مەڕە لەگەڵ ئامێری شمشاڵ، بە رێکەوت بووە، رۆژێک بەر پیاوێکی پیر دەکەوێت و ئاشقی شمشاڵەکەی دەبێت، لە بەرامبەردا بە مەڕێک دەیگۆڕێتەوە، بێئاگا لەوەی ژیانی لەگەڵ ئەم ئامێرەدا، دەبێت بە ئەفسانەیەکی زیندوو و دڵی هەمووان رادەکێشن و ئاوازەکەیان دەبێت بە ئاوازی نیشتمانێک، یەکێک لە شمشاڵەکانیشی، کە تەمەنی 150 ساڵ بووە و لە گەنجییدا کڕیبووی، هەتاوەکو کۆتایی ژیانی لە خۆی دوورنەخستووەتەوە، کە بەر لە مردنی، وەسێتی کردووە، لە یەکێک لە مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان وەکو میراتی کولتووریی و هونەریی کورد بپارێزرێت.

قالە مەڕە بەشداریی کۆڕی خەباتی کردووە و ساڵی 1945 پەیوەندیی کردووە بە کۆماری کوردستانەوە، پاش لەسێدارەدانی قازی محەمەد، روو لە ئەشکەوتی گوڵاڵە دەکات، پەنای بۆ عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە بردووە، لە پەنجاکانیشدا، لە رادیۆ جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەوانە رادیۆکانی: کرماشان، سنە، تاران مەهاباد و ورمێ، چەندین ئاوازی رەسەنی کوردیی ژەنیوە و بڵاویکردووەتەوە، چەند ساڵێک شمشاڵژەنی گەرووە زێڕینەکەی حەسەن زیرەک بووە، ئەمەش وای کردووە، هاونیشتمانییان زیاتر بە تواناکانی ئاشنا ببن.
لە هەمان کاتدا، دۆستایەتیی لەگەڵ شاعیرانی دیاری کورد، هەژار و هێمن موکریانی هەبووە و ئیلهامیان لە دەنگی شمشاڵەکەی وەرگرتووە، بە بانگهێشتی خوێندکارانی کورد، لە زۆربەی رێوڕەسم و ساڵیادی مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە زانکۆکانی ئێران بەشداریی کردووە.

بەشێک لە چاودێرانی هونەری کوردی، ئاماژە بەوە دەدەن؛ قالە مەڕە باشترین شمشاڵژەنی کوردە کە تاوەکو ئێستا ئاوازەکانی تۆمارکردبێت، لەلای هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، نازناوی گەنجینەی گەڕۆکی پێدراوە، وەها لە تواناکانیان رووانیوە کە گەنجینەیەکی رەسەنی کوردییە، بەشێکیان دەڵێن؛ زیاتر لە 170 مەقامی لەبەربووە.
ساڵی 1993، لە سایەی شێوازی ژەنیندا، خەڵاتی باشترین شمشاڵژەنی لە ئەڵمانیا پێبەخشراوە، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە، نەیتوانیوە ئامادەی رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە ببێت، لە هەرێمی کوردستانیش، چەندین خەڵاتی جیاوازی پێبەخشراوە.
شەوی پێنجشەممە، رێکەوتی 21ـی ئایاری 2009، لە تەمەنی 84 ساڵییدا، بە نەخۆشی، لە زێدی خۆی کۆچی دوایی کردووە و لە پەنای گۆڕەکەی حەسەن زیرەک بەخاک سپێردراوە.
پاش خۆی، ئیلهام و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هونەرمەندان دروستکردووە، بەشێکیان لە سایەی نەوای شمشاڵەکەیدا دەنووسن و بەشێکیشیان لە ستایشی میراتە دەوڵەمەندەکەی ئەم ژەنیارەدا، چەندین پەیکەری جیاوازیان بۆ دروستکردووە، لە دیارترینیشیان، پەیکەری قالە مەڕەی هونەرمەندی پەیکەرسازی کورد، بەشیر ناسرییە، کە لە شاری پاوە جێگیری کردووە.