دەرهێنەری دیاری کورد، رێکەوت حەمە تۆفیق، لەمیانی بەشدارییکردنی لە فێستیڤاڵیکی سینەمایی لە وڵاتی ئیتاڵیا، توانی یەکێک لە خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە بباتەوە.
بە بەڵگەفیلمی "بابە نوئێل" کە لە بەرهەمهێنانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و بەشی سینەمایە لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، لە شاری میلانی وڵاتی ئیتاڵیا، رێکەوت حەمە تۆفیق، توانی خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بباتەوە و لەلایەن رێکخەرانی فێستیڤاڵی "Vertigo" ستایش بکرێت.
ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە دیارترین فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە فیلم لە شاری میلان، لە ئاستی ئیتاڵیاش ناوبانگی هەیە، ئەمساڵ خولی شەشەمی لە سێ بۆ حەوتی تەمموزی بەڕێوەچوو، تیایدا 50 بەرهەمی جیاوازی نێدەوڵەتی و ناوخۆی ئیتاڵیا بەشدارییان کرد و توانییان ببن بە براوەی خەڵات.