خانمە سەرپەرشتیاری جبەخانەکەی فیلمی Rust و تۆمەتبار بە رووداوی تەقەکردنی ناویستانەی فیلمەکە، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا، لە زیندان دێتە دەرەوە.
هانا گۆتێرێز رید، سەرپەرشتیاری جبەخانەکەی فیلمی رەست، کە ساڵی 2021، لەمیانی تۆماکردنی دیمەنێکی فیلمەکەدا، بە هەڵە، فیشەکێکی زیندوو لەناو یەکێک لە چەکەکانیدا تەقی و بەهۆیەوە خانمە سینەماتۆگرافەر هالینا هەچینس گیانیلەدەستدا، پاش دادگاییکردن و بڕیاری دادگا بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی 18 مانگ، بە کەفالەت ئازاد کرا.
ئەمەش پاش دادگاییکردنی ئەکتەری دیار ئەلێک باڵدوین دێت، کە لەسەر دەستی فیشەکەکە تەقی و یەکێک بوو لە گەورەترین ئەو کەسایەتییانەی دادگایی کران و لە دەرئەنجامدا بێتاوان دەرچوو.
ئێستا هانا رید کە لە دەرەوەی زیندانە، ناتوانێت پەیوەندیی لەگەڵ خێزانی قوربانییەکەدا ببەستێت و دادگا رێگریی لە بەشێک لە پەیوەندییەکانی دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە، خێزانی قوربانییەکە، لەماوەی رابردوودا جەختیان لەوە کردەوە؛ وێڕای لەدەستدانی کچەکەیان، فیلمی Rust دەکرێت بڵاوبکرێتەوە و بەربەست نابن لەبەردەمی.