بڵاوبوونەوەی وەرزی سێیەم و کۆتایی زنجیرە تەلەڤیزیۆنیی "Squid Game"، لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کاردانەوەی گەورەی دروستکرد و هەمووان باسی دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، ناوەڕۆکی بەرهەمەکە، رەنگدانەوەی لە کۆمەڵگەی کۆریای باشوور داوەتەوە.

لەماوەی چوار ساڵی نمایشکردنیدا و بە سێ وەرز، Squid Game توانی سەرنجی زۆرینەی بینەرانی زنجیرە تەلەڤیزیۆنییەکان رابکێشێت، لەگەڵ کۆتاییهاتنیدا، بەشێکی زۆر لە بینەران ستایشی دەکەن.

رەخنەگران لە دەرئەنجام و کۆتایی زنجیرەکەدا ئاماژە بەوە دەدەن؛ پەیامی زنجیرەکە رەخنەیەکی توند بوو بەرامبەر بە ویستە کۆمەڵایەتییەکان لە سایەی سەرمایەداریی و نایەکسانییدا، هاوکات پرسی رەوشتی تاکەکان بەرامبەر بە یەکتر و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن لەڕێگەی خستنی ئەوانی دیکەوە، لە دیارترین تێماکان بوون.

رەخنەگرانی کۆریای باشوور لە بەریەکی دیکەدا، ئاماژە بەوە دەدەن؛ ناوەڕۆکی زنجیرەکە لەگەڵ ژیانی ئێستای تاکەکانی کۆمەڵگەی کۆرییدا یەکدەگرنەوە، ئێستا تاکەکانی کۆریای باشوور، کەمترین هەلی کاریان لەبەردەمدایە، فشارە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆرن و جیاکاریی و چینایەتییەکی زەق لە وڵاتەکەدا سەریهەڵداوە.