ویلایەتی کوینسلاند لە وڵاتی ئوسترالیا، گەشەسەندنێکی بەرچاوی سینەمایی بەخۆوە دەبینێت، بەڵام چاودێرە سینەماییەکان دەڵێن؛ هەوڵەکانی ترەمپ کارەسات لەم وڵاتەدا دەخولقێنێت.
لە دوو ئاڕاستەی جیاوازەوە، پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فیلم لە ئوسترالیا، دەکەوێتە ژێر فشارەوە؛ لە ئاڕاستەی یەکەمدا، بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، سەپاندنی باج بەڕێژەی %100 بەسەر ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوەی ئەمریکا بەرهەمدەهێنرێن، ئوسترالیا کاریگەر دەبێت، ئاڕاستەی دووەمیشیان، پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەوە کە تیایدا کێشە دەروونییەکانی ناو کەرتی پیشەسازیی فیلم، ئەکتەر و کارمەندەکانی نیگەران کردووە.
چاودێر و شارەزایانی بواری فیلم ئاماژە بەوە دەدەن؛ پابەند بە مەرج و داواکارییەکانی ترەمپ، بەرهەمهێنانە ئەمریکییەکان لە ئوسترالیا لە سفر نزیکدەبنەوە، ئەمەش راستەوخۆ تای تەرازووی پیشەسازیی فیلمی وڵاتەکە تێکدەدات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ناوخۆییش لە ئوسترالیا، دەرکەوتووە، بە رێژەی %35ـی کارمەندانی کەرتی پیشەسازیی فیلم، بڕیاری وازهێنانیان لە کارەکانیان داوە، ئەمەش لە سایەی ئەو قەیران و فشارە دەروونییانەوەیە، کە پیشەکانیان بۆیان دروستدەکەن.