بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێ، گەشبینە لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا بانکی نیشتمان بکەوێتە کار؛ ئاماژە بەوەش دەکات، گەشبینە لە هەفتەی داهاتوودا پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارێکی ئەرێنی لەبارەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بدات.
 
ئەم هەفتەیە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق کۆبووەوە. 
 
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، رێککەوتنی "گرنگ" کراوە بۆ کاراکردنەوەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و تەواوکردنی رێکارەکانی کردنەوەی بانکی نیشتمان کە چاوەڕوان دەکرێ ببێتە کلیلی کردنەوەی گرێی چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی ئابووری و دارایی لە هەرێمی کوردستان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان رایگەیاند، سەردانەکەیان بۆ بەغدا "ئەنجامی زۆر ئەرێنی و گرنگی" هەبووە و هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نراوە.
 
مژدە بۆ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو؛ رێگەی کارکردنەوەیان بۆ دەکرێتەوە
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بانکی ناوەندیی عێراق، چارەنووسی ئەو 641 کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو بوو کە ماوەیەکە کارەکانیان بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندییەوە راگیراوە و داوایان لێکراوە لێکدانیان تەواو بکەن.
 
بڵند محەممەد گوتی، "لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، دوو بڕیاری زۆر گرنگ دران. یەکەمیان ئەوەبوو کە ئەو نزیکەی 400 کۆمپانیایەی پرۆسەی یەکگرتنەوەیان تەواو کردووە، رێگەیان پێبدرێ بە شێوەیەکی کاتی دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە تاوەکو مۆڵەتی کۆتاییان بۆ دەردەچێ".
 
بڵند محەممەد دەڵێت، "ئەمە هەنگاوێکی یەکجار گرنگە، چونکە بارگرانییەکی زۆر لەسەر خاوەنەکانیان دروستکرابوو و کارمەندێکی زۆریان بێکار ببوون."
 
بڕیاری دووەمیش، بە گوتەی بڵند محەممەد، دەرکردنی مۆڵەتی کۆتاییە و "پارێزگاری بانکی ناوەندی بەڵێنی دا کە لە هەفتەی داهاتوودا مۆڵەتی کۆتایی بۆ ژمارەیەک لەم کۆمپانیایانە دەربکات، ئینجا مۆڵەتی جۆری (A) بێت یان (B)."
 
مۆڵەتی جۆری (A) رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات کاری حەواڵەی ناوخۆیی و دەرەکی بکەن و دۆلاری گەشتیاران بە نرخی پاڵپشتیکراوی بانکی ناوەندی بفرۆشن، لە کاتێکدا مۆڵەتی جۆری (B) تەنیا بۆ حەواڵەی نێوخۆیی و فرۆشتنی بەشێک لە دۆلاری گەشتیارانە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان هۆکاری دواکەوتنی پێدانی مۆڵەتەکانی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە و گوتی، "بەشێکی دواکەوتنەکە پەیوەندی بە رێکارەکانی بانکی ناوەندی و پێویستیی گونجاندنیان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە هەبوو؛ هەروەها وەرگرتنی رەزامەندیی ئەمنی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم کۆمپانیایانە تێوەنەگلاون لە سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی تیرۆر، کاتی ویست."
 
 
بانکی نیشتمانیی کوردستان؛ وەرچەرخانێک لە کەرتی بانکی و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان
 
یەکێکی دیکە لە دەستکەوتە سەرەکییەکانی سەردانەکەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان، وەک بەڕێوەبەرەکە دەڵێت، دانانی بناخەی کردارییە بۆ کارپێکردنی "بانکی نیشتمان."
 
بڵند محەممەد دەڵێت، دەستەی کارگێڕیی بانکەکە بە فەرمی دیاریکراوە و هەنگاوەکانی دامەزراندنی خێرا کراون و گوتی: "یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە بانکی نیشتمان لە سەرەتاوە لەژێر راهێنانی کۆمپانیایەکی راوێژکاریی ناسراوی ئەمریکی بەناوی (Oliver Wyman) دەبێ. ئەمەش وا دەکات بانکەکە لەدایکبوونەوە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی و پێشکەوتوو دەست بەکاربێت، نەوەک وەک بانکە حکومییەکانی پێشوو کە خەسڵەتی بانکی مۆدێرنیان تێدا نەبوو."
 
وەک بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان دەڵێ، بانکی نیشتمان کە بانکێکی حکومیی هەرێمی کوردستان دەبێ، چاوەڕوان دەکرێ چارەسەری چەندین کێشەی ستراتیژی بکات، وەک:
 
• کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری لە پێدانی قەرز و پێشینە. بڵند محەممەد دەڵێت: "زۆرجار هاووڵاتیان گلەییان دەکرد کە بۆچی لە عێراق قەرز و سولفە هەیە و لە کوردستان نییە. بانکی نیشتمان ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە و هەر خزمەتگوزارییەکی دارایی کە لە بانکە حکومییەکانی عێراق پێشکەش بکرێ، لە رێگەی ئەم بانکەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دابین دەکرێت."
 
• جێگرەوەی بانکە فیدراڵییەکان: بانکەکە دەبێتە جێگرەوەی بانکی رەشید و رافیدەین و ئەو مەرجەی بەغدا ناهێڵێ کە بۆ پێدانی قەرز داوای کردنەوەی لقی ئەو بانکانەی دەکرد.
 
•  جێبەجێکردنی پرۆژەی "هەژماری من". بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان گوتی: "بە دڵنیاییەوە، بانکی نیشتمان دەتوانێ پرۆسەی بەجێکردنی مووچە (تەوتین) و جێبەجێکردنی پرۆژەی 'هەژماری من' لە ئەستۆ بگرێ، چونکە بانکێکی حکومیی باوەڕپێکراوە و ترسی مایەپووچبوون و کێشەی نییە."
 
بانکی نیشتمان لە 9ی 2023 دامەزراوە و لە مانگی 12ی هەمان ساڵدا مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت. بەپێی یاسا، دوو ساڵی لەبەردەستە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی، بەڵام بڵند محەممەد گەشبینیی خۆی نیشاندا کە "لە ماوەی مانگێک بۆ دوو مانگی داهاتوو" بە تەواوی بکەوێتە کار.
 
لە 15-07-2025 دەستەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە کە لە 9 کەس پێکدێت، دامەزراوە.
 
هەڵمەتی داخستنی کۆمپانیا نایاساییەکانی فۆرێکس
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆمپانیا و ئەپەکانی بواری فۆڕێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان، بڵند محەممەد هۆشداری دا و گوتی، "بەپێی دەستوور و یاسا، تەنیا بانکی ناوەندیی عێراق دەسەڵاتی رێکخستن و چاودێریکردنی جووڵەی دارایی هەیە." 
 
بڵند محەممەد دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک یان هەر لایەنێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی کاری حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراو بکات، کارەکەی نایاساییە و دەچێتە خانەی تاوانی نێودەوڵەتی وەک سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی تیرۆر."
 
بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژەی بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی فۆرێکس و مامەڵەکردن بە دراوی دیجیتاڵی کرد و گوتی: "ئەو بڕیارە جێگەی دەستخۆشییە." گوتیشی، "ئێمە وەک وەزارەتی بازرگانی، بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەشێکی سەرەکی دەبین لە جێبەجێکردنی."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، بە سوپاسەوە دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ چەندین کۆمپانیای لەو شێوەیە کردووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە."