سەپاندنی گومرگ لەسەر زێڕ لە لایەن ئەمریکاوە نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە و گەیشتە زیاتر لە 3500 دۆلار.
 
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو [بۆ مانگی کانوونی یەکەم] 51 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 3 هەزار و 505 دۆلار.
 
پێشتر نرخەکە بۆ گرێبەستەکانی داهاتوو گەیشتبووە 3 هەزار و 534 دۆلاریش.
 
بۆ مامەڵەکانی ئێستاش، ئۆنسەیەک زێڕ لە 3 هەزار و 401 جێگیرە. 
 
لە هەرێمی کوردستانیش دوێنێ لەکاتی داخستنی بازاڕ نرخی فرۆشتنی زێڕ بەم شێوەیە بووە:
 
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 696 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 665 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 570 هەزار دینارە
 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز رایگەیاند، حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگیی بەسەر ئەو قاڵبانەی زێڕ سەپاندووە کە یەک کیلۆگرامن.
 
راپۆرتەکەی رۆژنامەکە لە نامەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەزگای پاراستنی سنوور و گومرگەکانی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە.
 
نامەکە لە 31ـی مانگی رابردوو نێردراوە و تێیدا هاتووە کە ئەو قاڵبانەی زێڕ کە کێشەکانیان یەک کیلۆگرام و 100 ئۆنسەن، دەبێت بەجۆرێک لە گومرگەکان پۆلێن بکرێن کە زیادکردنی پێناسە گومرگییەکان بیانگرێتەوە.
 
بڕیارەکە بە پلەی یەکەم کاریگەریی لەسەر سویسرا دەبێت کە گەورەترین ناوەندی پاڵاوتەکردنی زێڕە لە جیهان.
 
بڕایان لان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی 'گۆڵدسلڤەر سێنتراڵ' دەڵێت، "ئەو پێناسە گومرگییەی سەر زێڕ دەبنە هۆی شڵەژانێک، یان باشتر بڵێین هەندێک کێشە، لە رووی یەکلاییکردنەوەی مامەڵەکان لەلایەن بانکە گەورەکانەوە. ئەمەش ئەم بەیانییە رەنگی دایەوە، بەجۆرێک نرخەکان لە هەموو لایەک بەرزدەبوونەوە".
 
باجەکان لەسەر شیلکەی زێڕ جۆرێک لە تێکچوون دروست دەکەن، یان بە واتایەکی تر، هەندێک گرفت، سەبارەت بە کارەکانی بانکە گەورەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی حیسابەکان. ئەم کاریگەرییە ئەم بەیانییە لە نرخەکاندا دەرکەوت، کە لە هەموو شوێنێک بە خێرایی بەرز دەبوونەوە.
 
 پێناسە گومرگییە نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک لە هاوبەشە بازرگانییەکانی چوونە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
زێڕ بە پەناگەیەکی ئارام دادەنرێت کە لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە.
 
جگە لە پێناسەکان، داتا ئابوورییەکانی ئەمریکاش هۆکارێکی دیکەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
 
 حکومەتی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی پێشوودا ژمارەی ئەو کەسانەی داوای بیمەی بێکارییان کردووە، لە 219 هەزار کەسەوە بۆ 226 هەزار کەس زیادبووە.
 
پێشتریش دامەزراندن لە کەرتی تایبەت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیبوو.
 
ئێستا بازرگانان ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی داهاتوودا بە 91٪ دادەنێن و پێیانوایە 0.25٪ کەمدەکرێتەوە.
 
لە حاڵەتی ئاساییدا، کەمکردنەوەی رێژەی سوود نرخی دۆلار دادەبەزێنێت و زێڕ بەرزدەکاتەوە.