دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانی، حیزب و لیستی کاندیدە تاکە کەسییەکان، سبەی یەکشەممە کۆمیسیۆن تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی ئەزموونی بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی ئەنجام دەدات.
ڕۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەم هەڵبژاردنە 31 هاوپەیمانی، 38 حیزب، 76 لیستی کاندیدی تاکەکەسی (23یان کێبەرکێ لەسەر کورسی گشتی و 53 کاندیدی دیکەش بۆ نۆ کورسییەکەی پێکهاتەکان کێبەرکێ دەکەن)، بە زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدەوە، کێبەرکێ لەسەر 329 کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن، واتە بۆ هەر کورسییەکی پەرلەمان لانیکەم 21 کاندید کێبەرکێ دەکەن.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی وردبینیی بۆ ناوی کاندیدی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان کە گەیشتووەتە حەوت هەزار کاندید، بۆ 10 لایەنی فەرمی نێردراون بۆئەوەی وربینیی بۆ شیاویەتی کاندیدبوونیان بکرێت، لایەنەکانیش بریتیین لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەریی، دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ، بەرگریی، پەروەدە، خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، دەزگای هەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و ڕاوێژکارییەتی ئاسایشی نیشتیمانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی بەردەوامی ئامادەکارییەکانیش بۆ هەڵبژاردن، سبەی یەکشەممە تاقیکردنەوەی هەڵبژاردن بەشێوەی ئەزموونی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەزار و 79 بنکەی دەنگدان دەکرێنەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی شەممە 9-8-2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پرۆسەی تیروپشکی بۆ پێدانی ژمارە بە لیستی حیزب و هاوپەیمانییەتییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا. پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە 275ـی بەرکەوت.
هەواڵ
کۆمیسیۆن دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەبات
پێش ساڵێک