بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتى نانەوتیی سنوورى سلێمانى لە مانگى ئایارى ئەمساڵ، بڕەکەى 77 ملیارو 71 ملیۆن دینار بووە.

لە داهاتەکە، بڕى 66 ملیار و 901 ملیۆن دینارى نەختینە (کاش) بووە و 10 ملیار و 164 ملیۆن دیناریشى بە چەک بووە و تەنیا چوار ملیۆن و 550 هەزار دینارى بە مەقاسە بووە.

بەوەش کۆى داهاتى پێنج مانگى یەکەمى ئەمساڵ گەیشتووەتە 341 ملیارو 402 ملیۆن دینار، واتا تێکڕاى مانگانە 68 ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە.

داهاتى نانەوتیى سنوورى سلێمانى لەرێگەى شەش گەنجینەوە کۆدەکرێتەوە و سات بە سات لەرێگەى 828 فەرمانبەرەوە داخڵى سیستمى پێگەى شەفافییەت دەکرێت.

داهاتە نانەوتییەکانى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەرین، لەرێگەى 28 وەزارەت و دەستە و 109 بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى و 516 بەڕێوەبەرایەتى و 781 فەرمانگە کۆدەکرێتەوە.