بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە لە دوێنێوە نرخی زێڕ بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەهای دینار و تمەنیش بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە.
شێخ كاوە محەممەد، خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی ڕایگەیاند: ڕۆژی پێنجشەممە كە بازاڕی دراو داخرا 100 دۆلار بەرامبەر بە هەشت ملیۆن 100 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهای تمەن زیاتر دابەزیوە و گەیشتووەتە سەرووی هەشت ملیۆن و 500 هەزار تمەن بۆ هەر 100 دۆلارێك، نرخەكەیشی بە شێوەی حەواڵە دەگاتە سەرووی نۆ ملیۆن و 500 هەزار تمەن.
بەپێی گوتەی پسپۆڕان و كاسبكارانی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، هۆكاری دابەزینی بەهای دینار و تمەن بەرامبەر بە دۆلار لەم دوو ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران كەوتە نێو ڕۆژانی پشووەوە و خەڵكانێك بە ئارەزووی خۆیان گۆڕانكارییان لە نرخەكان كرد.
ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 146 هەزار و 100 دینارە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەر لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 141 هەزار دینار بوو.