ترەمپ دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، چین دەتوانێت بەردەوام بێت لە کڕینی نەوتی ئێران. ئەمە مشتومڕی نایەوە و کۆشکی سپیی ناچار بە روونکردنەوە کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، "چین ئێستا دەتوانێت بەردەوام بێت لە کڕینی نەوت لە ئێران. هیوادارم بڕێکی زۆریش لە ئەمریکا بکڕن." ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوەی فەرمانی بە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران کردبوو.
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ مشتومڕی دروستکرد، بەڵام کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بە واتای سووککردنی سزاکانی سەر ئێران نایەت.
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، ترەمپ مەبەستی ئەوە بووە کە ئێران تاوەکو ئێستا هەوڵی داخستنی گەرووی هورمزی نەداوە، چونکە داخستنی ئەو گەرووە بۆ چین، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە لە جیهاندا، زۆر قورس دەبوو.
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی، "سەرۆک [ترەمپ] بەردەوامە لە بانگەوازەکەی چین و هەموو وڵاتان بۆ هاوردەکردنی نەوتە پێشکەوتووەکەی ئێمە لەبری هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە رێگەی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا."
 
هەر جۆرە سووککردنێک لە جێبەجێکردنی گەمارۆکاندا گۆڕانکارییەک دەبێت لە سیاسەتی ئەمریکا، دوای ئەوەی ترەمپ لە مانگی شوباتدا رایگەیاندبوو کە "بەرزترین ئاستی گوشار" دەخاتەوە سەر ئێران تاوەکو ئەوکاتەی نەتوانێت هیچ بڕە نەوتێک هەناردە بکات.
 
ترەمپ سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی کڕینی نەوتی ئێرانەوە، زنجیرەیەک سزای سەپاندبوو بەسەر چەندین پاڵاوتگەی نەوتی سەربەخۆ لە چین و کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە.
 
سکۆت مۆدێل، ئەفسەری پێشووی سی ئای ئەی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێستای "گرووپی راپیدان ئێنێرجی" رایگەیاند: "پێدانی گڵۆپی سەوزی ترەمپ بە چین بۆ بەردەوامبوون لە کڕینی نەوتی ئێران، ئاماژەیە بەوەی لە رێوشوێنەکانی دژی ئێران تووند نییە."
 
جگە لە جێبەجێنەکردنی سزاکان، ترەمپ دەتوانێت بەشێکیان هەڵپەسێرێت یان لێخۆشبوونیان بۆ دەربکات کە بە فەرمانی سەرۆکایەتی یان بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە یاساکانی کۆنگرێسدا بە سەرۆک دراون، سەپێنراون.
 
مۆدێل پێیوایە ترەمپ پێش خوولەکانی داهاتووی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران [ئەگەر بکرێن] لێخۆشبوون بۆ گەمارۆکانی سەر تاران دەرناکات، چونکە ئەو رێکارانە کارتێکی گوشارن، بەتایبەت کە تاران داوا دەکات هەر رێککەوتنێک هەڵگرتنی هەمیشەیی گەمارۆ و سزاکان لەخۆبگرێت.
 
جێرمی پانەر، هاوبەش لە کۆمپانیای راوێژکاریی یاسایی "هیوز هابارد و رید" دەڵێت، ئەگەر ترەمپ بڕیاری هەڵپەساردنی گەمارۆکانی پەیوەست بە نەوتی ئێران بدات، ئەوا پێویستی بە کاری زۆر لەنێوان ئاژانسەکاندا دەبێت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێویستی بە دەرکردنی مۆڵەت دەبێت و وەزارەتی دەرەوەش دەبێت لێخۆشبوون دەربکات، ئەوەش پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس هەیە.
 
بازرگانان و شرۆڤەکارانی نەوت لە ئاسیا رایانگەیاندووە، پێشبینی ناکەن لێدوانەکانی ترەمپ لە ماوەیەکی نزیکدا کاریگەریی لەسەر کڕینی نەوتی ئێران یان ئەمریکا لە لایەن چینەوە هەبێت.
 
نەوتی ئێران نزیکەی 13.6%ی خواستی چین لەسەر پێکدەهێنێت. لەکاتێکدا چین تەنیا 2%ی پێداویستیی نەوتییەکەی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکات. 
 
چین ماوەیەکی زۆرە دژایەتیی ئەوە دەکات کە ناوی ناوە "خراپ بەکارهێنانی گەمارۆ نایاسایی و تاکلایەنەکان"ی واشنتن.
 
گۆ ژیاکون، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رۆژی چوارشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پۆستەکەی ترەمپ گوتی، چین بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی، رێکاری گونجاو بۆ ئاسایشی وزە دەگرێتەبەر.
 
کڕینی بڕێکی زیاتری نەوتی ئێران لەلایەن چین و بەکارهێنەرانی دیکەوە، رەنگە سعوودیەی هاوپەیمانی ئەمریکا و گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان نیگەران بکات.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەی ئێران سنووردار بووە لەچاو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ کە تووندتر مامەڵەی لەگەڵ تاران دەکرد.
 
سکۆت مۆدێل دەڵێت، ترەمپ ئەمساڵ بە سەپاندنی گەمارۆ بەسەر کۆمپانیا بازرگانییەکان و بەندەرەکانی چیندا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەنجامەکەی زیاتر "کەمترین ئاستی گوشار" بووە نەک "بەرزترین ئاستی گوشار."
 
هومایون فەلەکشاهی، شرۆڤەکاری باڵا لە دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوە لە بواری وزە بۆ رووداو دەڵێت، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئایاردا بە تێكڕا رۆژانە ملیۆنێک و 800 هەزار بەرمیل نەوت بووە، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لەدوای سەپاندنەوەی سزاکانی رۆژئاوا لە 2018ـەوە.
 
بە گوتەی فەلەکشاهی، لەم مانگەدا، ئێران رۆژانە بە تێكڕا ملیۆنێک و 650 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.