ماوەی دوو مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە، وتەبێژی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو  دەڵێت 'بێ مووچەیی کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە'.


 کەیفی خۆشناو، وتەبێژی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر بە ئاڤای ڕاگەیاند: بڕی دینار لە بازاڕدا کەمە، ئەمەش وایکردووە کە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزببێتەوە، هۆکارەکەش نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن بەغداوە.


 بەوتەی کەیفی خۆشناو، ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هەیە، هەولێر وەک بۆرسەیەکی جیهانییە و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکانیان ڕووی تێدەکەن.

بۆ ئەمڕۆ دووشەممە، 2025-06-30، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر 141 هەزار و 151 دیناری عێراقییە.

ئەگەر بەغدا تەمویلی مووچەش بکات، ڕەنگە تەنیا 250 دینار گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بکات، چونکە دینارەکە درەنگ دەگاتە بازاڕ. کەیفی خۆشناو وا دەڵێت.