ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر زیادبوونی خواست لەسەر کڕینی زەوی، شوقە و خانوو و بەرز بوونەوەی نرخیان دروست کردووە.
جەنگی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر جمووجۆڵی بازرگانی و هەموو سێکتەرە دارایی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست کرد، وەستانی جەنگەکەش کاریگەرییە نەرێنیەکانی لەسەر ناوچەکە وردە وردە کەم دەبێتەوە.
دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل نرخی زەوی و خانوو بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە ئەو زەوییانەی نرخیان لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار دۆلارە ، هەزار بۆ هەزار و پێنج سەد دۆلار نرخیان بەرز بووەتەوە.
بە گوتەی نیاز نەسرەدین، ئێستا خەڵک لە وڵاتانی ئەوروپا و باشوور و ناوەراستی عێراق زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەکڕن، ئەمەش وایکردووە خواست و نرخی زەوی، شووقە و خانوو زیاتر بەرز ببێتەوە.
ئاری عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاری خانووبەرە لە سلێمانی، گوتی: دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هەر بیانییەک مولکێک بکڕێت بەهای لە 50 هەزار دۆلار کەمتر نەبێت، ئیقامەی پێدەدرێت، بەشێکی ئەو خەڵکە بیانیەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، زەوی و خانوو دەکڕن، بێگومان ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی دروست دەکات.