بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 140 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ شەش هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە.
مامەڵەکارانی بازاڕی دراو لە سلێمانی و هەولێر، هۆکارى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار بۆ کەمبوونەوەى خواست لەسەر دۆلار و چەند هۆکارێکی دارایى و سیاسی دەگەڕێننەوە.
جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی گوتی؛ "نزیکەی مانگێکە بانکی ناوەندی رێکارەکانی پێدانی دۆلاری بۆ بازرگانان ئاسانکردووە و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی پێدەدرێت، لە کاتێکدا پێشتر بەمانگێکیش نەیاندەتوانی سودمەندنبن لە داواکردنی دۆلار".
هاوکات دانا مەولود، مامەڵەکار لە بازاڕی دراوی سلێمانی، بەشێک لە هۆکارەکانی بۆ کەمبوونەوەی پارەی نەختینەیی لە وەزارەتی دارایی عێراق گەڕاندەوە و گوتیشی، "تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی بڕی زیاتر لە 45 ملیار دۆلاری لە بانکی ناوەندی راکێشاوە و لەبازاڕدا کردوویەتی بە دینار ئەمەش وایکردووە دۆلارێکی زیاتر بخرێتە بازاڕەوە".
هەروەها، بەشێکی دیکەی هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ پرۆسەى سیاسی بەتایبەت کە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی چڕکراونەتەوە.
هاوکات کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر لەبارەی کەمبوونەوەی مامەڵەی دۆلاریشەوە ڕایگەیاند؛ "ئێستا تێکڕای مامەڵەی رۆژانە بە دۆلارەوە لە بازاڕی دراوی هەولێر دەگاتە 15 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا ئەوکاتەی بەهای هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر بە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەتێکڕا رۆژانە مامەڵە بە 20 بۆ 30 ملیۆن دۆلارەوە دەکرا".
هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبیننەوە:
* کەمبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار
* کزبوونی بازاڕی خانووبەرە و ئۆتۆمبێل
* ئاسانکردنی رێکارەکانی پێدانی دۆلار بە بازرگانان
* وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکى ناوەندى دۆلار رادەکێشێت و بە دینار دەیگۆڕێتەوە
* پێدانى دۆلار بە حاجیان و گەشتیاران بە نرخى فەرمى
* ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق