نرخی نەوتى خاو لە بازاڕەکانى جیهاندا بەرزبوونەوەى تۆمارکرد و یەک بەرمیل 70 دۆلارى تێپەڕاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ـى تەمموز، یەک بەرمیل نەوتى برێنت بە 70 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەرێژەى 0.47% بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.

هەروەها یەک بەرمیل نەوتى خاوى تەکساس بە 68 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت و بەرێژەى 0.46% بەرزبوونەوەى تۆمار کردووە.

هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى خاو بۆ هێرشی حوسییەکانى یەمەن بۆسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە دەریاى سوور دەگەڕێتەوە، هەروەها پێشبینییەکانی دابەزینی بەرهەمی نەوتى هەفتانەى ئەمریکا یەکێکى دیکەیە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت.

ئەمە لەکاتێکدایە، وڵاتانى ئۆپیک پڵەس بڕیاریاندا لە مانگى داهاتوو، 548 هەزار بەرمیل نەوتى خاو زیاتر بەرهەمبهێنن.

تێکڕاى نرخى نەوتى خاو لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ لەنێوان 65 بۆ 66 دۆلاردا بووە و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو کۆتایى ئەمساڵ نرخەکەى لە خوار 70 دۆلارەوە مامەڵەى پێوەبکرێت.