نرخی نەوت ئەمڕۆ سێشەممە دابەزی، زێڕیش بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 15 دۆلار بەرزبووەوە.
 
ئەمرۆ سێشەممە، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 25 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 68 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 30 سەنت دابەزی و بە 66 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 50 رۆژ مۆڵەتی داوەتە رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر پووتین لەو ماوەیەدا کۆتایی بەشەڕ نەهێنێت، گەمارۆ دەخاتە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئێستا خۆی بەدوور گرتووە کە دەستبەجێ سزا بەسەر کەرتی نەوتی رووسیا بسەپێنێت.
 
لەلایەکی دیکەشەوە، پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتان تووند بووە و ئەوەش لە درێژخایەن و مامناوەنددا سستی بۆ ئابووریی جیهان دەهێنێت کە دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.
 
دانییەل هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ANZ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەستی بازرگانان ئەوە بوو کە سزای راستەوخۆ و دەستبەجێ، لەسەر نەوتی رووسیا، خستنەڕووی نەوت لە جیهاندا کەمدەکات، بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا کەرتی نەوتی رووسیای نەکردووەتە ئامانج."
 
ئەو شرۆڤەکارە رایگەیاند، "پێناسە گومرکییەکان قورسایی خستووەتە سەر بازاڕی نەوت."
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 3350 دۆلاری تێپەڕاند
 
ئەمڕۆ ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی شەش بڵاودەبنەوە و بازرگانان لە بازاڕی زێڕ بەوریاییەوە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نزیکەی 15 دۆلار لە هەر ئۆنسەیەکدا بەرزبووەوە و بە 3355 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەو رایگەیاند، "زێڕ پێشانیداوە سامانێکە کە لەو کاتانەی شەڕی بازرگانی سەر هەڵدەدات و پێناسە گومرکییەکان زیاد دەبن، بازرگانان روو لە کڕینی دەکەن."
 
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ زیاتر لە 3350 دۆلار ئەمە دەسەلمێنێت.
 
شرۆڤەکارەکەی کۆمپانیای (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە زیاتر گوتی، "بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، نەیهێشتووە نرخی زێڕ بگاتەوە 3400 دۆلار."
 
بازرگانانی زێڕ ئێستا چاویان لە بڵابوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانە لە ئەمریکا کە بڕیارە کاژێر 3:30ـی دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر بڵاوببێتەوە.