مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان(ئەپیکور)  رایگەیاند، "هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە پارە بۆ مووچە بەردەست دەبێت و هەمووان چاودێریی دۆخەکە دەکەن".

راشیگەیاند، "لەگەڵ کۆنسوڵخانەی بەریتانیا کۆبووەتەوە ئەوان نیگەرانی باروودۆخی مووچەن و دەزانن هاونیشتمانییانى هەرێمی کوردستان مووچە وەرناگرن".

مایڵز کاگینز گوتەبێژی ئەپیکور ئەوەشی راگەیاند، "ئێستا لە ئیدارەی ترەمپ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دەرەوە، مارکۆ روبیۆ باسیان لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووە لەرێگەی بۆرییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، هەروەها دیپلۆماتکاری ژمارە یەک لە بەغداد بەڕێز ستیڤ فەیگن لەم ماوەیەدا چاوی بە سەرۆکوەزیران سودانی کەوتووە، دوو رۆژ بەر لە ئێستا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کردووە، هاوکات لەگەڵ کۆنسوڵخانەی بەریتانیاش کۆبوومەتەوە ئەوان نیگەرانی بارودۆخی مووچەن، کە چۆن هاونیشتمانییانى هەرێمی کوردستان مووچە وەرناگرن، چونکە دەزانن هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، پارە بۆ مووچە بەردەستدەبێت، بۆیە هەمووان چاودێریی دۆخەکە دەکەن و هەمووان بەلایانەوە گرنگە هەناردەى نەوت لە هەرێمى کوردستان دەسپێبکاتەوە و دەمانەوێت ئابووریی عێراق بەهێزتربکەین".

مایڵز کاگینز: بە توندی سەرکۆنەی هێرشى سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە بەردەوامیی گوتەکانیدا ، "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن، کە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هێزی کاریان".

راشیگەیاند، کارمەندەکانیان بەشی زۆریان عێراقین و ژمارەیەک کارمەندی نێودەوڵەتیش لێرە کاردەکەن، دەشڵێت، ئەو هێرشانە بوونەتە زیان بۆسەر کۆمپانیاکانیان و تەنانەت ئابووریی عێراقیش.

مایڵز کاگینز گوتەبێژی ئەپیکور باسی ئەوەشیکرد، "ئەپیکور بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات دەکرێنەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هێرشانە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر هێزی کاری ئێمە، کە بەشی زۆریان عێراقین و ژمارەیەک کارمەندی نێودەوڵەتیش کە لێرە کاردەکەن، ئەم هێرشانە بوونەتە زیان بۆسەر کۆمپانیا و ئابووریی عێراقیش.  بەو هۆیەوە بەشێوەیەکی کاتی کارەکانمان لە کیڵگە نەوتییەکاندا وەستاندووە، کۆمپانیاکانیشمان پێداچوونە بە رێکاری سەلامەتی و ئاسایشی کێڵگەکان دەکاتەوە لەکاتێکدا بە کاتیی کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان راگرتووە".

مایڵز کاگینز: پێویستە رێککەوتنی نووسراو بۆ هەناردەی نەوتمان هەبێت

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکور) ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە رێککەوتنی نووسراو لەبارەی هەناردەی نەوتى هەرێمى کوردستان هەبێت ".

راشیگەیاند، "ئەوان پێویستیان بە رێککەوتن و پلانێکی روونە لەبارەی ئەوەی کەى کۆمپانیاکانیان بڕی ئەو یەک ملیار دۆلار قەرزە وەردەگرنەوە، ئەو یەک ملیار دۆلارە قەرزە بۆ ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە".

مایڵز کاگینز گوتەبێژی ئەپیکور لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوەی ئێستا پێویستمانە رێککەوتن و پرۆپۆزەڵی نوسراوە، پێویستە رێککەوتنی نووسراو لەبارەی خاڵەکانی هەناردەی نەوت هەبێت، ئەمەش ئەو خاڵانەیە کە ئەپیکور و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت پێویستییانە:

یەکەم، پێویستمان بە رێنیشاندەرێکی روونە لەبارەی چۆنیەتیی وەرگرتنی پارە لە داهاتوو، سادەترین رێگە ئەوەیە کە نەوت لەرێگەی بۆری بەندەری جەیهان هەناردە بکرێت، سۆمۆ چۆنیەتیی گەیاندنەکە رێکبخات و هەر سۆمۆ بەشێوەیەکی کاش پارە بە کۆمپانیاکانمان بدات. ئێمە پێویستیشمان بە رێککەوتن و پلانێکی روونە لەبارەی ئەوەی چۆن و کەى کۆمپانیاکانمان بڕی ئەو یەک ملیار دۆلار قەرزە وەردەگرنەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 و سەرەتای ساڵی 2023.  هەروەها پێویستیشمان بە رێککەوتنێکە لەسەر چۆنییەتی کار لەگەڵ راوێژکارە نێودەوڵەتییەکان، کە لە ماددەى 12ـى یاسای بودجەى عێراق داوای راوێژکاری نێودەوڵەتی دەکات لە کۆمپانیای راوێژکاری سەربەخۆوە تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات".