شەوی رابردوو، لە ئێوارەوە تاوەکو کاژێر 12ی شەو، د. فوئاد حوسێن بە چڕی لەسەر هێڵ بووە و لانی کەم 15 پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ شەش سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام داوە. بە رووداوی گوت، رۆژی سێشەممە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراقە، بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداوی راگەیاند، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان، باوەڕی بە لایەنەکان هێناوە ئەمڕۆ بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
بەر لە خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، رێککەوتنەکە ئەوەیە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار بنێرێت بۆ بەغدا، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، هەروەها دەست بکات بە رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ بەگوێرەی ئەو بڕەی ئێستا لەبەردەستە.
د. فوئاد حوسێن شەوی رابردوو ئەم پەیوەندییانەی ئەنجام داوە:
سێ جار پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، دوو جار پەیوەندیی بە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە کردووە، دوو جار لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق قسەی کردووە و دوو جاریش پەیوەندیی بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنی واژۆکراوی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، هەروەها داهاتی نانەوتی بنێرێت بۆ گەنجینەی فیدراڵی، ئینجا مووچەی مانگی ئایار خەرج دەکرێت.