بازرگانانی نەوت ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێیانوایە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا ناگەنە رێککەوتن لەسەر کێشەی پێناسە گومرکییەکان، هەر ئەوەش بووەتە هۆکار ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بە دابەزین بکرێتەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 24 سەنت دابەزی و بە 68 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 66 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دیپلۆماتە ئەوروپییەکان خەریکن بیر لە سەپاندنی پێناسی گومرکی پێچەوانە بەسەر ئەمریکا دەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هیوا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە کەمبووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە بەڕیژەی 30٪ پێناسی گومرکی بەسەر ئەورووپا بسەپێنێت و بڕیاریشە لە رۆژی یەکی مانگی داهاتووەوە بڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هەرچەندە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە دابەزیوە کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کانزاکان، بەڵام نیگەرانی لە پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت درووستکردووە."
خستنەڕووی زۆری نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەسیش ئەوەندەی دیکە فشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
بەپێی چەندین سەرچاوە، قەبارەی هەناردەکاری نەوتی سعودیە بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا.