نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بەرزبووەوە، ئەندامێکی سەندیکای زەڕەنگەران  لەوبارەیەوە دەڵێت، قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەر نرخی زێڕدا هێنا.

 جیرۆم پاوڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بۆ ئێستا ڕێژەی سووی بانکی لە ئاستی خۆی دەهێڵدرێتەوە، پێش هەر بڕیارێک بۆ گۆڕینی ڕێژەی سوو، لیژنەی تایبەتمەند پێویستی بەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ ڕێژەی بێکاری و گەشەی ئابووری و ئاستی هەڵئاوسان بکرێت، دواتر بڕیار بدرێت کە ڕێژەی سوو چۆن دیاری بکرێت.

سەفین وەرتی، ئەندامی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: قسەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا دروست کرد، هەر ئۆنسەیەک زێڕ 20 دۆلار و هەر مسقاڵێکیش سێ هەزار دینار لە نرخەکانیان بەرزبووەوە.

زانیاریی زیاتر: نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا کە لەسەر 139 دۆلار و 300 دینار دانراوە بەم جۆرەیە.

- یەک ئۆنسی زێڕ بە سێ هەزار و 427 دۆلارە.

- مسقاڵێک زێڕ عەیار 22 بە 700 هەزار دینارە.

- مسقاڵێک زێڕ عەیار 21 بە 668 هەزار دینارە.

- مسقاڵێک زێڕعەیار 18 بە 573 هەزار دینارە.