گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاند، "بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی راگیراوە و هیچ بڕە نەوتێک بۆ پێداویستی ناوخۆییش بەرهەمنایەت ".

مایڵز کاگینز گوتەبێژى ئەپیکور دەشڵێت، "کۆمپانیاکانی ئەپیکور سەرپشکن لە دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەر کۆمپانیایەکیش بەجیا هەرکات دەستی بە بەرهەمهێنان کردەوە خۆی رایدەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات ".

زیاتر لە دوو هەفتە تێدەپەڕێت بەسەر هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە تیایدا بە زیاتر لە 10 درۆن هێرشکرایە سەر چەندین کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکانیش کارەکانیان راگرت.

بەگوێرەی دوایین رێککەوتنی نێوان بەغداد و هەولێر، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکات و 120 ملیار دیناری مانگانەش لە داهاتی ناوخۆ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات، لە بەرامبەریشدا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

کۆمەڵەی ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای نەوتی جیهانیی پێکدێت، کە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن و 60%ـی نەوتی کوردستان بەرهەمدەهێنن و پێشتریش رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەمدەهێنا.