ئەندامێکی لیژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، رایگەیاند، داهاتى خەمڵێندراوى عێراق لە ئەمساڵ، 140 ترلیۆن دینارە و بەو پێیەش 10 تریلیۆن دینار کورتهێنانى دەبێت. دەشڵێت، داهاتى نەوتى و نا نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵێک نۆ تریلیۆن دینارە.
موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، لە لێدوانێکى فەرمی بۆ کەناڵى هەواڵى عێراقى، رایگەیاندووە، حکومەتى عێراق، توانیوویەتى مووچەى چوار ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەر لەگەڵ مووچەى سێ ملیۆن خانەنشین، لەگەڵ مووچەى دوو ملیۆن و 150 هەزار لەوانەى چاودێرى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە دابەش دەکات.
هاوکات، موعین کازمى، ئاماژەى بەوەشکردووە، سەربارى دابەزینى نرخى بەرمیلێک نەوت لە بۆڕسەى جیهان، بۆ 65 دۆلار، بەڵام عێراق بە فرۆشتنى سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، دەتوانێت خەرجییەکانى دابین بکات.
ئەوە لە کاتێکدایە، 20ى ئەم مانگە، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق، رایگەیاند، دواکەوتنی خشتەکانی بودجەى 2025 بەهۆی ناجێگیریی نرخی نەوت و یەکلانەبوونەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بودجەی 2023ـی عێراق زیاتر لە 198 تریلیۆن دینار و بودجەی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار بووە، بەهۆی نەناردنی خشتەی بودجەی 2025، بڕەکەی دیار نییە، بەڵام خەرجیی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 37 تریلیۆن دینار بووە و داهاتەکەشی لە هەمان ماوەدا 28 تریلیۆن دینار بووە.