وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شەش تەواوکراوە و هەرێمی کوردستان دەیەوێت سبەی لە ڕێگەی تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لیستی مووچەی مانگی حەوتیش ڕەوانە بکات، تاوەکو بەزووترین کات بەغدا ئەو دوو مووچەی قەرزدارە خەرجی بکات.
ئێستا حکومەتی عێراق دوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قەرزدارە، هەرێم دەیەوێت هەرچی زووە وردبینی لە لیستی مووچەی ئەو دوو مانگە تەواوی بکرێت تاوەکو بەغدا شایستە داراییەکان بنێرێت، ئەمەش لەپێناوی ئەوەی دابەشکردنی مووچە هاوتای عێراق بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند: سبەی سێشەممە تیمێکی تەکنیکی بەرەو بەغدا دەڕۆن و ماوەی چەند ڕۆژێک لە بەغدا شوێنی مانەوەیان بۆ دابینکراوە تاوەکو کارەکانی وردبینی تەواو نەبن ناگەڕێنەوە.
لیستی مووچەی مانگەی شەشی فەرمانبەران و ڕاپۆرتی خەرجی و داهاتیش بۆ ئەو مانگە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و دارایی عێراق هیچ تێنینییەکی لەسەر نەبووە.
ئێستا پارەی تەواو لەبەر دەستدایە بۆ ئەوەی پارە بۆ بەغدا بنێردرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و وەزیرەکان لە کۆبوونەوەی بەردەوام دایە، بۆ ئەوەی بتوانن خەمێک لە داهاتی ناوخۆ بخۆن بۆ ئەوەی بۆ 120 ملیاری دیناری مانگەکانی دیکەش دابین بکرێت.
بەهۆی ئەوەی ماوەی سێ مانگە مووچە دابەش نەکراوە و حکومەت چاوپۆشی لە وەرگرتنەوەی باج و زەریبە و پارەی ئاو و کارەبا کردووە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی داهات، ئێستا وەزارەت دەیەوێت بارگرانی لەسەر خەڵکیش دروست نەبێت و داهاتیش بگێڕێتەوە.
یەکشەممەی داهاتوو 3ی مانگ دوایین مۆڵەتە، واتا تا سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە هەرێمی کوردستان توانای هەیە ڕۆژانە چەند هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، ئیتر بەغداش چی دەڵێت، ئەوەندە نەوتە وەردەگرێت کە هەیە یان چاوەڕێی زیاتر دەکات.
لیژنەکانی نەوت لە کارکردن بەردەوامن، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بە ئاڤای گوت: تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاپۆرتی کۆتایی ئامادە دەکەین، بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بڕیار لەسەر نەوت دەدرێت.
سەردانی ئەمڕۆی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراقیش هەر پەیوەندی بەم بابەتەوە هەبووە.
ئابوری
زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت؛ چی کراوە و کەی دەنێردرێن؟
پێش ساڵێک