ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە پێش جەژن دەڵێت، "هەوڵێک هەیە بۆ چارەسەرکردنی مووچە، بەڵام تائێستا ئاماژەی ناردنی پارەمان بۆ نەهاتووە".
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ناتوانم زانیارییەک بدەم کە لێی دڵنیا نەبم. لە هیچ سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە هیچمان پێنەگەیشتووە، لەنێو عێراق و دەرەوەی عێراقیش کار لەسەر ئەوە دەکرێت پێش جەژن مووچە بدرێت."
وەزیری دارایی دەشڵێت: "هێشتا پشکی خۆمانمان پێنەدراوە." هاوکات، باس لەوە دەکات، هەر کاتێک پارە بنێردرێت، "لە 24 کاژێردا مووچە دابەش دەکەین. بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بە وەزارەتی دارایی عێراق نەدراوە بۆ ناردنی مووچە."
بەغدا وا هەژماری کردووە کە "ئێمە هەموو رۆژێک نەوتمان بە 70 دۆلار فرۆشتووە، دەڵێت، پشکی خۆتان تەواو بووە."
ئاوات شێخ جەناب باس لەوە دەکات، "ئەوەی لەو سەردانەدا لێی تێگەیشتین ، عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت. دژی پێشمەرگە و سەربازییمانە، دژی پەیوەندییەکانمانە."
هەروەها دەڵێت ، "دەتوانم بڵێم 90٪ـی داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردووە. زۆر بە شەفافیەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ بەغدا کردووە."
وەزیری دارایی لەبارەی پلانی جێگرەوە لە ئەگەری نەناردنی پارە لە بەغداوە، دەڵێت: "بەدڵنیایی تەسلیمی بەغدا نابین و ئەگەر مووچەش نەنێرن، بە داهاتی نەوت و نێوخۆ خۆمان دەژیێنین و پلانی جێگرەوەمان هەیە.. ئەوەی تەیف سامی داوای دەکات نایاساییە."
هاوکات، لەبارەی هەناردەکردنی نەوت قسەی کرد: "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، عێراق کێشە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆ دروست دەکات."