سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات، سەرجەم ئەو كۆمپانیایانە دابخات كە سەرقاڵی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس) و دراوە دیجیتاڵییەكانن.
پاڵپشت بە ڕێنمایی و بڕیارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بە قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس) و دراوە دیجیتاڵییەكان و دوای چەندین سکاڵای هاووڵاتییانی زەرەرمەندبوو، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووریی سەر بە ئاسایشی گشتیی هەولێر، مامەڵەکردن بە هەموو جۆرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی (فۆرێكس) و USDT قەدەغە كرد، بەو پێیەی ئەو كۆمپانیایانە لەلایەك مۆڵەتی فەرمییان نییە و هیچ یاسا و ڕێنماییەكیش نییە بۆ ڕێكخستنی چالاكییەكانی دراوی ئەلیكترۆنی لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە نووسراوی ژمارە 6640، دەرچوو لە 27ـی ئاری 2025، ، وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپاردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بە ئەندامیەتی لایەنی پەیوەندیدار بۆ داخستنی سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جۆراوجۆردا كاری ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی و دراوە دیجیتاڵییەكان دەكەن، بەبێ جیاوازی.
بەگوێرەی نووسراوەکە، هەر كۆمپانیا و دامەزراوەیەك، لەڕێگەی سۆشیال میدیا ڕێكلام بۆ كاری فۆرێكس و دراوە كانزاییەكان بكات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەكرێتەوە، بەهەمان شێوە هەر كۆمپانیا و دامەزراوەیەك، لەژێر ناوی جیا جیا خولی فێركاریی چۆنیەتی مامەڵەكردن بە دراوی ئەلیكترۆنی ئەنجام بدات، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆ سەرجەم كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی و دراوە دیجیتاڵییەكان دادەخات
پێش ساڵێک