رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە، ئیدارەی ترەمپ بۆ ماوەیەکی کاتی سزاکانی سەر ئێرانى راگرتووە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، دوێنێ یەکشەممە یەکى حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیى ئەمریکا و وەزارەتەکانى گەنجینە و دەرەوەی ئەمریکا لەم بڕیارە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ ئاگادارکراونەتەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، "راگرتنی سزاکانی سەر تاران بۆ ماوەیەکی کاتییە و تاوەکو ئێستاش دوو سزای سەپێنراوی دیکە پاش دەرچوونی بڕیارەکە لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەڵپەسێردراون".
رۆژنامەکە دەڵێت، تەنانەت بەرپرسانی ئەمریکا نازانن بڕیارە نوێیەکە چی لەخۆ دەگرێت، بەڵام رەنگە کاریگەریی لەسەر فرۆشی نەوتی ئێران و پارە بلۆککراوەکانی تاران لە قەتەڕ نەبێت.
دوایین سزای ئەمریکا بۆسەر تاران چوارشەممە 21ـی ئایاربوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گەیشتووەته ئەو ئەنجامەی کەرتی پیشەسازیی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی سوپای پاسداراندایە، هەربۆیه 10 کاڵا و کەرەستەی ستراتیجیی دەستنیشانکردووه، که بخرێنه لیستی سزاکانەوە ئەو کەس و کۆمپانیایانەشی ئەو 10 کەرەستەیە بۆ ئێران دابیندەکەن، سزاکان دەیانگرێتەوە.
لە 21ـی ئاریاری 2025 تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ سزایەکی بەسەر تاراندا نەسەپاندووە، لە کاتێکدا لە12ـی نیسانی 2025 لە دەستپێکی خولی دانوستانە ئەتۆمییەکەوە وەزارتی گەنجینەی ئەمریکا چەندین جار لە رێگای سزاکانییەوە کەرتی وزە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی و بەرنامە موشەکییەکەی تارانی کردووەتە ئامانج.