زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، راگرتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، قەیرانێکی سیاسی دروستدەکات و هەڕەشەیە بۆ ئەوەی جەژنی قوربانی داهاتوو "قورس و خەمناک" بکات.
خەلیلزاد لە پەیامێکدا کە 02-06-2025 بڵاویکردەوە، جەختی کردەوە: "زۆر گرنگە خۆمان لە پەرەسەندنی ئەم قەیرانە بپارێزین و مووچەکان پێش جەژن بدرێن."
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق کە جگە لەو پۆستە، باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە ئەفغانستان و بەر لەوەش نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد: "سەرۆکوەزیران [محمد شیاع] سوودانی گرنگی بە هاووڵاتیانی کوردی عێراق دەدات و نایەوێت بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حکومەتی هەرێم [ـی کوردستان] سزا بدرێن."
خەلیلزاد پێدانی مووچەی پێش جەژن بە "هەنگاوێکی یەکەمی گرنگ" دەزانێت بەرەو ئەو دانوستانانەی کە "زۆر پێویستن سەبارەت بەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە."
ئەم لێدوانەی خەلیلزاد لە کاتێکدایە کە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".