دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ئامادەكاریدایە بۆ پێشوازی لە هەزاران گەشتیار كە لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەپێی پێشبینییەكانی دەستەكە، 300 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێنە هەرێمی كوردستان.

هەرێمی کوردستان بەو پێیەی سروشتێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە، بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان کە بە دەیان هاوینەهەوار و ناوچەی گەشتیاریی هەیە، ساڵانە بەپێی تایبەتمەندیی وەزەکان، بەتایبەت لە جەژنەکاندا بە سەدان هەزار گەشتیار لەناوچەکانی ناوەڕاست و خواروو و بەشیکیش لە دەرەوەی عێراق ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.



 ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت: بە بۆنەی پشووی جەژنی قوربان، هەموو ئامادەكارییەك لەسەر ئاستی حكومی و كەرتی تایبەت كراوە، لە بازگەكان ئاسانكارییەكی زۆر كراوە بۆ هاتنی هەزاران گەشتیار كە زۆرینەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقن، هەروەها تەواوی بنكە و شوێنە گەشتیارییەكان ڕاسپێردراون كە لە ڕۆژانی جەژن و پشوو كراوە بن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.



- هەرێمی كوردستان بە هەردوو كەرتی حكومی و تایبەتەوە لە ئامادەباشییەكی تەواودایە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران.

- پێشبینی دەكەین كە لە ماوەی 10 ڕۆژی پشووی جەژنی قوربان، زیاتر 300 هەزار گەشتیار ڕوو لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.

- لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ژمارەی گەشتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، تاوەكو ئێستاش هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیارانی عێراق باشترین بژاردەیە.