عێراق چەند ساڵێکە بەدەست کەمیی ئاو گیرۆدە بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆیە سروشتییەکان، وەک گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی باران، هەروەها هۆیە سیاسییەکانیش بەشێکی دیکەی ئەو گرفتەیە، کە وڵاتانی دراوسێ کە ئاویان وەکوو کارتێکی سیاسیی بەرانبەر بە عێراق بەکارهێناوە.
سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاند، قەیرانی وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر حەوت بۆ هەشت پارێزگای عێراق هەیە، کە زۆربەیان لە باشووری وڵاتدان.
سائر جبوری ڕوونیکردەوە، "ئەم بێخەمیەی ئەنقەرە، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو لێکتێگەیشتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا کراوە، ئەمەش لە چوار ئاراستەدا کاردانەوەی جددی دەبێت، دیارترینیان: کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دانیشتوانی گوندەکان دەبێت، ئەگەری ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەکۆمەڵ، لەناوبردنی هەر پلانێکی کشتوکاڵی لە داهاتوودا، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لەو ناوچانەدا."
جەختیشی کردەوە، "وشکەساڵی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ئاو، لەگەڵ ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، گوتیشی: دەمێکە دیاردەی بە بیابانبوون دەستی پێ کردووە، بۆیە مەترسیەکە تەنیا لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو تەواوی ئەو پارێزگایانەی باشووری عێراق دەگرێتەوە، کە زیاتر لە 20 ملیۆن کەسی تێدایە."
دەشڵێت: "پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر و فشار بخاتە سەر تورکیا، بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بەربداتەوە، هەروەها پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە.