وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایدەکات، ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە تای خوێنەربوون گەیشتووەتە 123 حاڵەت و داوای رێگەگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵان لە شەقامەکان و بەخێوکردنی مەڕوماڵات لەناو شار و گەڕەکەکان دەکات.

 

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 107 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە تەواوی عێراق تۆمارکراوە و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدانیشمان هەبووە.

 

بەگوتەی سەیف بەدر، زۆرترین حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای زیقار بووە بە تۆمارکردنی 30 حاڵەتی تووشبوون و حاڵەتێکی گیانلەدەستدان.

 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەخت لە گرنگیی پێویستی گرتنەبەری رێکارى ئەمنیی توند دەکات بۆ رێگەگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان و شوێنە گشتییەکان و داوای قەدەغەکردنی بەخێوکردنی مەڕوماڵات لە ناو گەڕەکەکان دەکاتەوە.

 

سەیف بەدر ئاشکرایدەکات، لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکرێت، بەڵام کاتێک نیشانە پێشکەوتووەکانی نەخۆشییەکە لە کەسی تووشبوودا دەردەکەوێت، ئەوکات ئەگەری چاکبوونەوەی لاوازتر دەبێت و زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش، بەهۆی درەنگ سەردانیکردنی تووشبووەکانەوە بووە بۆ نەخۆشخانە.