وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەهۆی ڕەشەبایەكی بەهێزەوە هەزار مێگاوات كارەبا كەمی كردووە و تۆڕی دابەشكردنی كارەبا زیانی بەر كەوتووە.
شەوی هەینی، ڕێککەوتی 23ـی 5ـی 2025، ڕەشەبایەکی بەهێز هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کە بەهۆیەوە گرفتی بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی دروست کرد و لە چەند شوێنێک کوژانەوەی ناوچەیی ڕوویدا.
وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: كاتژمێر 9:00ی شەوی ڕابردوو، بە هۆی ڕەشەبایەكی خێراوە كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد و بووە هۆی كەوتنی هێڵەكانی پاڵەپەستۆی بەرز و كوژانەوەی ناوچەیی لە پارێزگای دهۆك و بەشێكی پارێزگای هەولێر، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 1000 مێگاوات كارەبا لە تۆڕی كارەبای هەرێم دەرچووە.
بەپێی ڕاگەیێنراوەكەی وەزارەتی كارەبا، لەلایەن تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و تیمەكانی وێستگەكانی گواستنەوەی كارەباوە لە ماوەیەكی كەمدا بارودۆخەكەی دوێنێ شەو ئاسایی كراوەتەوە.
کاریگەری و لێکەوتنەکان: بەهۆی ڕەشەباکەوە، تۆڕی دابەشكردنی كارەبا زیانیان بەركەوتووە و ئێستا تیمەكانی چاككردنەوەی كارەبا سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشەكەن.