لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، هەبوونی پەیوەندی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع "پێویستە" و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە عێراق چەندین بەرژەوەندیی لەگەڵ سووریا دا هەیە و دەبێت بیپارێزێت.

 دوای دەستنیشانکردنی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری نوێی سووریا، زۆربەی وڵاتان دەیانەوێت پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە دروست بکەن، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە، بەڵام بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دژی کرانەوە و پەیوەندیین لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا و سەرۆکی ئەو وڵاتە بە "تیرۆریست" ناو دەبەن.



عامر فایز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ناردنی نوێنەرێک لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لای سەرۆککۆماری سووریا و هەبوونی پەیوەندیی بەردەوامی نێوان بەغدا و دیمەشق زۆر گرنگە، چونکە بەرژەوەندیی عێراق دەبێت بپارێزرێت لەوانە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری بۆ بەدواداچوونی تیرۆریستان کە هێشتا لە سووریا بوونیان هەیە و مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست دەکەن.



بە گوتەی فایز، پەیوەندیی نێوان بەغدا و دیمەشق دەبێت لەسەر ئاستە جیاجیاکان بەردەوام بێت، بەتایبەتی کە عێراق بەرژەوەندی ئابووری و ئەمنی لەو وڵاتەدا هەیە لەپاڵ ئەوانەشدا ڕەوەندی عێراقی لە سووریا بوونی هەیە و دەبێت ئەمە لەبەرچاو بگیرێت.  لەبەر ئەمانە عامر فایز هیچ هۆکارێکی لۆژیکی نابینێت بۆ ڕەخنەگرتن لە هەر پەیوەندییەکی نێوان حکومەتی هەردوو وڵات.


ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پێشوازی لە عیزەت شابەندەر، نێردراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و کۆبوونەوە.