میدیای ئێران دەڵێت، تاران هۆشداری بە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا داوە کە ئەگەر لە بەرامبەر هێرشی مووشەکیی سوپاکەیدا بەرگری لە ئیسرائیل بکەن، بنکەکانیان لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
ئاژانسی میهری نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، تاران بە فەرمی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای ئاگادار کردووەتەوە وگوتویەتی، هەر وڵاتێک بەشداری لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای وڵاتەکەیدا بکات، بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.
بەرپرسانی ئێران هۆشداریش دەدەن کە کەشتییەکانیان لە کەنداو و دەریای سوور دەکرێنە ئامانج.
هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکەی ئێران، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەگەر خامنەیی لە هاویشتنی مووشەک بەردەوام بێت، گڕ لە تاران بەردەدەین."
ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە گوتی، دەسەڵاتی ئێران "هاووڵاتییانی دەکاتە بارمتە و دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە کە تێیدا بەتایبەتی دانیشتووانی تاران باجێکی قورس دەدەن، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانەی بەر هاووڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل دەکەوێت."
ئێران و ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی شەممە، هێرشیان کردەوە سەر یەکدی.
لە تەلئەڤیڤ و قودس/ئۆرشەلیم، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لێدرا و وایکرد دانیشتووان بەپەلە رووبکەنە پەناگەکان. سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە.