ئەمڕۆ سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقیش دەڵێت: پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووان بڕیار دەدەن.
کۆنفرانسەکە کاتژمێر 10 لە هۆڵى یانەی ئاشتى لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت و بڕیارە هەردوو ئاڕاستەکەى گۆڕان بەشدارى تێدابکەن و هيچ رێککەوتنێکى پێشوەختە لەنێوان ئاڕاستەکانى گۆڕان نییە و نوێنەرى هەردوولا لە کۆنفرانسەکەدا پەیڕەو دەخوێننەوە و هەر پەیڕەوێکی زۆرینەى دەنگى بەدەستهێنا ئاڕاستەکەى دیکە هۆڵەکە بەجێدێڵن.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، رۆژى 24ـى ئایارى 2025، بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریكرد.
کۆمیسیۆن ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرپەرشتیى کۆنفرانسەکەى بزووتنەوەى گۆڕان دەکات و ئەمجارە پشت بە ژمارەى دامەزرێنەران نابەستن و بەگوێرەى زۆرینەى ئامادەبووانى کۆنگرە بڕیار دەدەن.
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەى گۆڕان- گردى زەرگەتە ڕایگەیاند، بە هەموو هێزى خۆیانەوە بەشدارى لە کۆنفرانسەکە دەکەن و لەگەڵ ئەوەدان دەستوور بکرێتە بنەماى کارەکانیان و رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن لەلایەن جڤاتى نیشتمانیى بزووتنەوەکەوە هەڵببژێردرێت، ناشیانەوێت لەناو کۆنگرە و کۆنفرانسدا رێکخەرى گشتى و خانە هەڵبژێرن.
شاخەوان رەئوف، هەڵسووڕاوى بزووتنەوەی گۆڕان- گەڕەکى کوردسات، ڕایگەیاند، ئامادەکاریى تەواویان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە و بەشدارى لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن. گوتیشى، خۆیان خاوەنى گۆڕانن و ئومێد دەکەن پرۆسەکە بەباشى بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رۆژى 26ـی نیسانى بۆ ئەنجامدانى سێیەمین کۆنفرانسى بزووتنەوەى گۆڕان دیاریکرد کە لە هۆڵى ئاشتى شارى سلێمانى بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى زۆرینەى دامەزرێنەرانى حیزبەکەوە کۆنفرانسەکە رێژەى یاسایى تەواونەکرد و بەکراوەیى بەجێهێڵدرا.
بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009 دامەزراوە و ئێستا بەسەر دوو ئاڕاستەدا دابەشبووە، ئاڕاستەیەک لە گردی زەرگەتە رۆژى 5ـی نیسان کۆنفرانسى ئەنجامدا، بەڵام ئاڕاستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە کە بنکەی سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانییە، بڕیاربوو رۆژى 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن، بەڵام دواخرا.
پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان دوو کۆنفرانسی دیکەی ئەنجامداوە، یەکەمیان ساڵی 2013 لە هەولێر و دووەمیان ساڵی 2024 لە سلێمانی بەڕێوەچوو.