بەیانیى ئەمڕۆ، ئێران دوو گورزە موشەکى ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد و  و لە زۆرینەى شارەکانیش زەنگى ئاگادارکردنەوە لێدراوە، ژمارەیەک لە موشەکەکان کەوتوونەتە خوارەوە و بەهۆيەوە 16 کەس برينداربوون.

میدیاى ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گورزەى یەکەمى موشەکەکان 30 دانەبوون و فریاگوزاریى ئیسرائیلیش رایگەیاند، لە 10 شوێن موشەک و پارچەکانى کەوتوونەتەخوارەوە.

بەرەى ناوخۆیى ئیسرائیلیش رایگەیاند، لە 400  شار لە پارێزگاکانى حەیفا و تەلئەڤیڤ و قودس زەنگى ئاگادارکردنەوە لێدراوە.

هاوکات گوتەبێژى ئۆپراسیۆنى بەڵێنى راستگۆیانەى 3ـى ئێران رايگەياند، لە هێرشەکەدا فڕۆکەخانەی بن گۆريۆن لە تەلئەڤيڤ کراوەتە ئامانج. هاوکات کەناڵى سوپاى پاسداران بڵاویکردەوە هێرشەکەى ئەمڕۆ گورزەى بیستەم بووە و بە موشەکى خەیبەر کراوە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤيديۆييانەی بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکە وێرانکاری زۆری لە ئيسرائيل لێکەوتووەتەوە و بەهۆيەوە بەگوێرەی زانيارييە سەرەتاييەکان زياتر لە 16 کەس برينداربوون.

رادیۆى ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە، لە شارۆچکەى نیس تسیونا لە باشوورى تەلئەڤیڤ و رمات غان و تەلئەڤیڤ و کەرملى حەیفا راستەوخۆ موشەک کەوتووەتەخوارەوە.

دوابەدواى گورزەى یەکەم، سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، گورزەیەکى دیکەى موشەکى لە ئێرانەوە ئاڕاستەى ئیسرائیل کراوە.

ئەو هێرشە موشەکییەی ئێران لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی حوزەیران، ئەمریکا هێرشی کردە سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان لە ئێران.