لەژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنە نوێیەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڕووسیایە و ئەمڕۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا کۆدەبێتەوە.

لە درێژی بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە مەبەستی تاوتوێیکردنی پێشهاتەکان و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی ئاشتیانە، وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێک گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) ئاشكرای کرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنی شەو گەیشتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادێمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە.

عێراقچی دوێنێ لەبارەی سەردانەکە رایگەیاندبوو،  "تاران و مۆسکۆ  ڕێککەوتنیان لەسەر هەڵوێستەکانیان کردووە سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئێستا".

 لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، عێراقچی سەردانی جنێڤ و تورکیا کرد و کۆبوونەوەی گرنگی لەسەر پرسی ئێران لەگەڵ هەریەکەیان ئەنجامدا، بەتایبەت لە پێشهاتە تازەکانی وڵاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش دەبێتە سێیەم سەردانی ناوبراو بۆ وڵاتێک بۆ تاتوێیکردنی هەمان پرس.