دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە سەبارەت بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.
ماوەی 11 ڕۆژە گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی وەستاون و هەزاران هاووڵاتی بەوهۆیەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن، سەدان هاووڵاتی دیکەش لە وڵاتانی دەرەوە گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕووی گەشتیارانەوە کرانەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئاڤای ڕایگەیاند، "بە بڕیاری دەسەڵاتی فرۆكەوانیی مەدەنی عێراق، گەشتی سەرجەم فڕۆکەخانەکان ئاسایی دەبێتەوە، ئێستا سەرقاڵی ڕێکخستنی خشتەی گەشتەکانین و هەر ئەمڕۆ گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێدەکەینەوە."
بەھۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی ئەو گەشتە ئاسمانییانەی ھەڵوەشاوەتەوە، بریتیی بووە لە ھەزار و 283 گەشت بە جۆرێک ھەزار و 184 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و 99 گەشت لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە.
هەواڵ
گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێدەکاتەوە
پێش ساڵێک